زەنجان؛ منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵ خەڵکی ماکۆ لە ئەنجامی تەقەی مەئموورانی هێزی ئینتیزامی گیانی لەدەست دا

10:27 - 2 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، مەئموورانی هێزی ئینتیزامی ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی "کەماڵ پەڵەنگی"، خەڵکی گوندی "مەلا حەسەن"، سەر بە ماکۆ داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کچی ئەو هاووڵاتییە بە ناوی "مزگین پەڵەنگی" تەمەن ٧ ساڵ گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی پەڵەنگی بە کوردپای ڕاگەیاند: "بنەماڵەی پەڵەنگی لە کاتی گەڕانەوەیان لە تاران لە جادەی زەنجان ــ میانە لەگەڵ گەشتی هێزی ئینتیزامی بەرەوڕوو بوونەتەوە و سیپان پەڵەنگی کوڕی کەماڵ کە ڕانندەی ماشینەکە بووە بەهۆی ئەوەیکە گەواهینامەی پێ نەبووە هەڵاتووە و مەئموورانی هێزی ئینتیزامی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ماشینەکەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "لەو ڕووداوەدا مزگین پەڵەنگی گیانی لەدەست دا و خوشکەکەی بە ناوی فەلەک پەڵەنگی بریندار بوو".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە تەرمی مزگین ڕەوانەی پزیشکی یاسایی زەنجان کرا و خوشکەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لەژێر چاوەدێریی پزیشکییە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستە ڕوو کە بنەماڵەی پەڵەنگی بۆ میوانی چووبوونە ماڵی یەکێک لە کچەکانی کە نیشتەجێی تاران بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە، تەرمی مزگین پەڵەنگی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

وێنە: مزگین پەڵەنگی