زەمانە زیویە و مێقداد حەسەن‌نژاد بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزران

11:14 - 14 رێبەندان 2721

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "زەمانە زیویە" و "مێقداد حەسەن‌نژاد" خەڵکی شاری سەقز، پاش دەسبەسەرکرانیان، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیان لە"دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان" بێبەری کراون.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، ئەو دوو هاووڵاتیی کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

زەمانە زیویە خوێندکاری دەرچووی "ماف" لە زانکۆی پەیامی‌نووری شاری سەقز، ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

زەمانە زیویە لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز هەر بەو تۆمەتە دادگایی کرابوو و بە ٥٠ قامچی و یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن پارەی نەختی مەحکووم کرابوو.

سزای نەختیی زەمانە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کراوەتەوە و حوکمی لێدانی ٥٠ قامچیی ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.