زەخت و گوشار بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی مافی مرۆیی لە شاری مەهاباد

14:06 - 8 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بەردەوامە و لە نوێنترین حاڵەتدا، لە شاری مەهاباد، مەئموورانی ئیتلاعات بنەماڵەی یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆیی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەهاباد، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی \"سۆران ئارام\" چالاکی مافی مرۆڤ، بانگهێشتی ئەو ئیدارەیه کردووە و داوای ئادرەس و ژمارە تەلەفوونیان کردووە.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتەکەیدا، ئاماژە بەوە دەکات کەمەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای بانگهشتکردنی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سۆران ئارام، داوای گەڕاندنەوەی شوێنی ژیانی کوڕەکەیان لێ کردووە.

سۆران ئارام چالاکی مافی مرۆڤ، بە هۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان و زیندانی کردنی ناوبراو، چوار ساڵ پێش بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهێشت و ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێیە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیدارەی ئیتلاعات داوای لەو ئەندامەی بنەماڵەی ئارام کردووە، لە ئەگەری نەدانی زانیاری لە سەر کوڕەکەیان، لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە.

پێشتر، لە شارەکانی کامیاران و مەهاباد، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشاریان خستبووە سەر ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و چالاکانی سیاسیی، بۆ هێناوەی کوڕەکانیان و ڕادەست کردنەوەیان بە حکوومەتی ئێران.