زیندانی یەزد؛ ڕۆستەم ئەرکیا بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

10:44 - 20 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمە، ڕۆستەم ئەرکیا، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ماکۆ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی یەزد ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٩ هەتا مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ چوار جار هاتووەتە مەرەخەسی و مانگی خەزەڵوەی ساڵی ٩٩ تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ٨٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرابوو و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ساڵی ٨٧، لە دادگای ئینقلابی خۆی بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەورۆزی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بە ئێعدام مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتی بەو حوکمە، ئەو حوکمە ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٨٨، لە دادگای پێداچوونەوە بە ١٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی یەزد کەم کرایەوە.

بە ناڕەزایەتیی نوێنەری دادستانی ورمێ، حوکمی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٨٨ لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی بەرز بووەوە.

"ڕۆستەم ئەرکیا"، مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، بۆ زیندانی یەزد دوورخرایەوە و ناوبراو ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ساڵی ٩٠،  بەنیسبەت جیانەکردنەوەی زیندانییانی سیاسی لە زیندانییەکانی دیکە (عادی) دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن، کە پاش ڕەزامەندیی بەرپرسانی زیندانی یەزد لەگەڵ داواکارییەکی ئەو زیندانییە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.