زیندانی ئیلام؛ لەسەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان هێرش کرایە سەر خەدیجە مەهدیپوور
خەدیجە مەهدیپوور، زیندانی سیاسیی کورد خەڵکی شاری ئیلام، لەلایەن سێ ژنەوە لە زیندانی ئەو شارە هێرش کرایە سەری و ئازار و ئەشکەنجە درا.
ئارش سادقی، لە توویتێری شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندان، بەرپرسانی زیندانی ئیلام بە هاندانی سێ ژن، هێرشیان کردووەتە سەر خەدیجە مەهدیپوور وئەمەش بووەتە هۆی ڕەش و شین بوونەوەی چاوی ئەو ژنە چالاکە سیاسییە.
ئەو چالاکە سیاسییە هەروەها نووسیوویەتی، هێرشی ئەو سێ ژنە بۆ سەر خەدیجە مەهدیپوور، بێدەنگی بەرپرسانی زیندانی لەو ڕووداوە لێکەوتەوە و ئەو ژنانە هەڕەشەی لێخۆشنەبوونیان لەو ژنە زیندانییە سیاسییە، کردووە.
ئارش سادقی هۆکاری هێرش بۆ سەر خەدیجە مەهدیپوور، بێڕیزیی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئیرانیان گەڕاندوەتەوە.
پێشتریش ئارش سادقی چالاکی مافی مرۆڤ لە توویتێری خۆیدا، باسی لە تووشبوونی ئەو ژنە چالاکە سیاسییە بە کۆرۆنا کردبوو و ڕایگەیاندبووە کە "ئەو زیندانییە سیاسییە سەرەڕای تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەمترین پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەری کراوە".
خەدیجە مەهدیپوور ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵی مامی دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژ بۆ زیندانی ئیلام، ڕاگوێزرابوو.
خەدیجە مەهدیپوور تەمەنی ٣٤ ساڵ و دانیشتووی شاری ئیلامە.