زیندانی ئیلام؛ خەدیجە مەهدی‌پوور تووشی کۆرۆنا بووە

11:21 - 7 رێبەندان 2721

خەدیجە مەهدی‌پوور، زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئیلام تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

ئارش سادقی، چالاکی مافی مرۆڤ بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە لە تووییتێری خۆیدا، ڕاگەیاندووە کە "ئەو زیندانییە سیاسییە سەرەڕای تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەمترین پێڕاگەیشتنی پزیشکی  بێبەری کراوە".

بەوتەی ئەو چالاکە مافی مرۆییە، "ئەو زیندانییە سەرەڕای سەرئێشە و دەرکەوتنی پەڵەی ڕەش لە چاویدا، لە پێڕاگەیشتنی پزیشکیی بێبەری کراوە. دۆخی سیستمی هەرسکردنی باش نییە و ئازاری گورچیلەی بەهۆی ڕاگرتنی لە دۆخی نالەباری ماوەی دەسبەسەرکرانەکەیدا، هەنووکە ئەو زیندانییە ئازار دەدات."

خەدیجە مەهدی‌پوور بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەسڵی جیاکردنەوەی تاوانەکانی لە بەندی ژنانی زیندانی ئیلامدایە.

خەدیجە مەهدی‌پوور ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ماڵی مامی دەسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دادگای ئینقلاب بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام،  بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و بێڕێزی بە ڕێبەر" تۆمەتبار و بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، توندترین سزا  واتا بە ٢٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

هەواڵدەریی هێرانا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە "خەدیجە مەهدی‌پوور بە هۆی تۆبە نەکردن بەر ئازادی مەرجدار ناکەوێت".

خەدیجە مەهدی‌پوور تەمەنی ٣٤ ساڵ و دانیشتووی شاری ئیلامە.