زیندانی کردن و فشار بۆسەر دوو چالاکای خوێندکاری و وێبلاگنووسی کورد + وێنـــه

19:56 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی خوێندکاری و وێبلاگنووسی کوردی خەڵکی ورمێ، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی فشار و زیندانی کران بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەجید تیباش چالاکی خوێندکاری کە ساڵی رابردوو بە بڕیاری حەراسەتی زانکۆی ورمێ لە خوێندن بێبەش کرا و دواتر بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت، بەهۆی بەڵێنیی بەرپرسانی ئیتلاعات ورمێ رووی لە ئێران کردەوە و دەستبەجێ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

\"17755.jpg\"
مەجید تیباش چالاکی خوێندکاری بەهۆی بەڵێنیی بەرپرسانی ئیتلاعات ورمێ رووی لە ئێران کردەوە و دەستبەجێ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە بە هەوالنێری کوردپای راگەیاند؛ مەجید تیباش لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە پێی راگەیاندرابوو لە ئەگەری گەرانەوەی بۆ وڵات، لە زانکۆ وەردەگیرێتەوە، بەڵام پاش ئەوەی لە وڵاتی تورکیەوە بەرەو ئێران گەڕایەوە، دەستبەجێ دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٧ رۆژ لەدەستبەسەریدا مایەوە.

هەروەها عەزیز تیباش وێبلاگنووسی کورد و برای مەجید تیباش لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە بیانووی نەچوونە سەربازی رێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دەگوترێت کە عزیزی تیباش، کە لە بەردەم ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراوە، رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و هەنووکە لەو زیندانە راگیراوە.