زیندانی کرانی مامۆستایەک لە سنە و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی مەریوانی

14:29 - 15 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە حەفتەی رابردوودا مامۆستایەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کراوە و هیچ هەوالێکیش لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەی مەریوانی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، دادگای ئینقلابی سنە بە کورتە نامەیەک موختار ئەسەدی، یەکێک لە چالاکانی سینفیی کوردستانی ئاگادار کردەوە، کە خۆی بە بەشی بەڕێوەبەردنی حوکمەکان بناسێنیت.

ئەو مامۆستا کوردە، کە خێزاندار و باوکی سێ منداڵیشە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمی زیندانییەکەی، بانگهێشتی بەشی بەڕێوەبەردنی حوکمەکانی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو.

موختار ئەسەدی، چەند ساڵ پیش ئێستا لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵاواتی، بە تۆمەتی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

\"23463.jpg\"
موختار ئەسەدی یەکێک لە چالاکانی سینفیی کوردستان
دەگوترێ، کە ناوبراو پاش ٤٤ رۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسی و ٢٢ رۆژ لە سویتی نێو زیندان، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

دوکتور عەلی ئەسغەر فانی، سەرپەرستی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان، ساڵی رابردوو بە مەبەستی راگرتنی ئە وحوکمە نامەیەکی بۆ دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نارد، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن دەزگای قەزایی رەت کرایەوە.

هەنووکە موختار ئەسەدی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

مامۆستایانی کورد لە سنە بەرەوڕووی توندترین سزا بوونەتەوەو پێشتریش پەیمان نەودینیان و ئەسکەندەر لوتفی، بە بڕیاری دەزگای قەزایی حوکمی دوور خرانەوەیان بەسەردا سەپابوو.

لەلایەکی دیکەوە، سەرەتای حەفتەی رابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هاوولاتییەکی کوردی بە هۆکارێکی ناڕوون دەستبەسەر کرد.

عەلی خۆشنمەک، تەمەن ٥٢ ساڵ ئە وهاووڵاتییە کوردەیە، کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوەو سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەریوان، کە رۆژی ٨ی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ دەستبەسەر کراوە، خێزاندار و باوکی سێ منداڵیشە.