زیندانی ورمێ؛ گوڵاڵە مورادی مانی لە خواردن گرت

12:48 - 26 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەک بە ناوی "گوڵاڵە مورادی" خەڵکی شاری پیرانشار، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ چارەنووس و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی، لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت.

یەکێک لە نزیکانی گوڵاڵە مورادی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "گوڵاڵە پاش وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدار، مانی گرتووە".

لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی بانەمەڕەوە گوڵاڵە مورادی لە گرتنگەدایە و لەو ماوەیەدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

گوڵاڵە مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجە، بۆ دانپێنانی زۆرەملێ بەردەوام لەژێر گوشاردا بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوە، گوڵاڵە مورادی وێڕای دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی "مەتین بەزازی" و "تاهیر بەزازی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پاش کوژرانی عوسمان حاجی حوسێنی، ئەندامی سپای پاسداران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و کوڕەکانی گوڵاڵە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان ئازاد کران.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، گوڵاڵە مورادی پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.