زیندانی ورمێ؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی کوردستانی باکوور بە سێدارە مەحکووم کرا

10:10 - 28 رەشەمه 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی کوردستانی باکوور بە ناوی "حاتەم ئۆزدەمیر" لەلایەن دادگای ئینقلابی خۆی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی "حاتەم ئۆزدەمیر" کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی خۆیەوە بەڕێوە چووه و دادگا بە تۆمەتی "بەغی" ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییەی خەڵکی کوردستانی باکوور لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە".

حاتەم ئۆزدەمیر ١١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٨ پاش تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدران، دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەو تێکهەڵچوونەدا بەهۆی بەرکەوتنی گوللــەی خومپارە بێهووش بووە و پاش دەسبەسەرکردن بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.