زیندانی ورمێ؛ فیرووز مووسالوو بە ئێعدام مەحکووم کرا

10:28 - 22 رەشەمه 2721

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "فیرووز مووسالوو" خەڵکی بەخشی قوتووری شاری خۆی، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و دادگا بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" ناوبراوی بە لەسێدارەدان مەحکووم کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو حوکمە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، بەو زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە".

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، ئەو زیندانییە کوردە پاش ٥ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە چەند ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بووە و پاش گەڕانەوە بۆ ئێران بە ئەماننامەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ساڵی ٩٨، پاش خۆناساندنی بە سپای سەردەشت دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ گوازرابووەوە.

"فیرووز مووسالوو" لە حاڵێکدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو کە بەرپرسانی سپای پاسداران بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت.