زیندانی ورمێ؛ شاناز سادقی‌فەر بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

11:11 - 8 رێبەندان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان، شاناز (بێریوان) سادقی‌فەر، زیندانی سیاسیی خەڵکی ورمێ، پاش ڕەزامەندیی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، لەگەڵ داخوازیی ئازادیی مەرجداری ئەو زیندانییە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، حوکمی ١٥ سآڵ زیندانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٥ ساڵ و ڕۆژێک کەم کرابووە.

ئەو هاووڵاتییە ژنە ٣١ی پووشپەڕی ساڵی ٩٩، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی ''ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

 ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، ئایناز زارع، کچی شاناز سادقی‌فەڕ، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی  لە ڕێگای یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای کەیفەری تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ، بە ٥ سآڵ زیندانی مەحکووم و پاش نارەزایەتیی ئەو زیندانییە سیاسییە بەو حوکمە، حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ساڵێک زیندان کەمکرابووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی سەرماوەزی سآڵی ٩٩، ئایناز زارع، زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، پاش ١٥ مانگ دەسبەسەری بە ئەژماردنی ماوەی دەسبەسەرکرانە پێشووەکەی، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لەو زیندانە ئازاد کرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگویزرابوون و بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، "شاناز سادقی ‌فەر" و "ئایناز زارع"، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.