زیندانی ورمێ؛ بەردەوامیی ڕاگرتنی محەممەد هوشەنگی لە ژووری تاکەکەسی

17:23 - 16 رەشەمه 2721

محەممەد هوشەنگی، چالاکی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ١٣ـەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی، لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی ڕاگیرانیدا لە ژووری تاکەکەسی لە پەیوەندیی تەلەفوونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو چالاکە کوردە ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمە لە چوارەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدا لە سەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوو.

لە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەوە محەممەد هوشەنگی خەڵکی جوانڕۆ، بەنیسبەت دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا لەگەڵ ئازادیی ناوبراو مانی لە خواردن گرتبو.

کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندان لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە بڕیاری دەسبەسەرکردنی کاتیی ناوبراو گۆڕدراوە بۆ دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.

پاش سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی هوشەنگی لە جوانڕۆ بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کاری ئیداریی دابینکردنی بارمتە بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان، دادگای ئینقلابی مەهاباد پێی ڕاگەیاندوون بەهۆی دژایەتیکردنی ئیتلاعاتی سپا و درێژەدان بە لێکۆڵینەوەکان ئازاد ناکرێت.

محەممەد هوشەنگی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر و  دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

محەممەد هوشەنگی پاش ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.