زیندانی نەغەدە؛ غەفوور بەرهەم بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا

10:21 - 17 رێبەندان 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا "غەفوور بەرهەم" زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "میرئاوێـ"ـی شنۆ،  بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە.

سەرەتای مانگی بانەمەڕی ١٣٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوو و خەزەڵوەری هەمان ساڵ بەبێ ئاگاداری پێشوو ناوبراویان بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٧ لەلایەن دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای کۆبوونەوە و تەبانی بۆ خراپکاری دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی" بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی "هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەکی نایاسایی" بە ٥ ساڵ زیندان و هەروەها "بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی" بە ساڵێک زیندان، مەحکووم کراوبوو.

حوکمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کراوە و دادگای پێداچوونەوە داواکاریی پێداچوونەوەی حوکمی ئەو هاووڵاتییە کوردەی ڕەت کردبووەوە.

دەزگای دادوەری بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات، ئەم حوکمەی بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندبوو.

"غەفوور بەرهەم" ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤ مانگ و ١٢ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دوو مانگ لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.