زیندانی نەغەدە؛ سەید محەممەد حوسێنی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی ئازاد کرا

10:48 - 27 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەممە، سەید محەممەد حوسێنی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە.

مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵامی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری هەریس سەر بە پارێزگای تەورێز مەحکووم کرا.

پێشتر ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "محاربە" (دژایەتی لەگەڵ خودا) لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان لە تەبعیدی سەید "محەممەد حوسێنی" بەهۆی کەموکۆڕیی لێکۆڵینەوەکان لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگا کرایەوە و مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ دووبارە دادگاییەکردنی ئەو هاووڵاتییە لە دادگای مەهاباد بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "غوڵامی" لەگەڵ ئازادیی کاتیی سەید "محەممەد حوسێنی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی دژایەتیی کردبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەنووکە لە زیندانی نەغەدەدایە.