زیندانی نەغەدە؛ دوو هاووڵاتیی کورد هەر کامەیان بە بارمتەی زیاتر لە ٣ میلیارد تمەن ئازاد کران

17:46 - 20 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئاکام خزرزادە" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی "کانی بوداغـ"ـی شاری پیرانشار و "عوسمان دڵسۆز" تەمەن ٦٤ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی "زێوکە"ی پیرانشار، هەر کامەیان بە دانانی بارمتە ٣ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن تەمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە هەتا کاتی دادگاییەکەیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانان، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران و لەو ماوەیەدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

ڕۆژی شەممە ١٤ی پووشپەڕ، ئەو دوو هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەک بە دەست نەهاتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: عوسمان دڵسۆز و ئاکام خزرزادە