زیندانی مەهاباد؛ سلێمان کەریم‌پوور ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێ درا

10:34 - 19 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕێبەندان، "سلێمان کەریم‌پوور" زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"ی شاری مەهاباد، لە زیندانی ئەو شارە ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێ درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی هەر دوو دەستی بە کارەبا، پێویستی بە "فیزیۆتراپی" هەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

ساڵی ڕابردوو ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

هەروەها دادگا، حوکمی دەسبەسەرداگرتنی ماشینی سلێمان کەریم‌پووری دەرکردبوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٩٩، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرابوو.

سلێمان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩، پاش ٦٥ ڕۆژ دەسبەسەری لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران لە مەهاباد و ورمێ، لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کرابوو.

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوو.