زیندانی مەهاباد بەهۆی پڕبوونی ژوورەکانی جیگای زیندانیی دیکەی ناکاتەوە

11:23 - 18 رەشەمه 2720

فەرمانداری شاری مەهاباد وتوویەتی، بارستایی زیندانی ئەو شارە پڕ بووە و پێویستە ئەو زیندانە بۆ دەرەوەی شار بگوازرێتەوە.

"عارف خدرلوو"، لەو بارەیەوە وتوویەتی: "لە ئێستادا، ڕیژەی زیندانییانی کەیفەری لە شاری مەهاباد زۆر لە سەرەوەی بارستایی ئیمکانات و هێزی مرۆیی زیندانییەکانە، کە بەو پێیە جێبەجێکردنی چاکسازی و پەروەردەیی قورس دەکاتەوە و پێویستە زیندان بۆ دەرەوەی شار بگوازرێتەوە".

لە لایەکی دیکەوە بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، بەرپرسانی زیندانی مەهاباد کە پێشتر بۆ ئەو زیندانییانەی کە بە زیندانیی "باز"ناسراون هەموو ڕۆژێ تەنیا واژۆیان لێ وەردەگرتن، هەنووکە پاش وەرگرتنی واژۆ، بۆ ماوەی چەند کاتژمێر ڕایاندەگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو: بەرپرسانی زیندانی مەهاباد، لە زیندانییانی باز لێپرسینەوە دەکەن و پاش وەرگرتنی واژۆ و ڕاگرتنیان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر ئازادیان دەکەن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە دەڵێت: "ڕاگرتنی زیندانییانی باز، نیگەرانی لای ئەو زیندانییانە دروست کردووە کە ڕاگرتنی بە کۆمەڵی ئەو زیندانییانە لە ژوورێکدا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر، بۆ تووشبوون بە کۆرۆنا مەترسییان لەسەرە.