زیندانی میناب؛ ئیعادەی دادرەسیی کەماڵ شەریفی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە

13:34 - 22 خەرمانان 2722

دیوانی باڵای وڵات ئیعادەی دادڕەسیی کەماڵ شەریفی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز، کە ماوەی زیندانییەکەی ٣٠ ساڵە و لە زیندانی میناب تێدەپەڕێنێ، ڕەت کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ساڵی ڕابردوو، دادستانی شاری میناب بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە، داوای ئیعادەی دادرەسی کردبوو، بەڵام دیوانی باڵای وڵات، بە تاوتوێکردنی دۆسیەی کەماڵ شەریفی، ئەو داواکاریەی ڕەت کردبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، ڕێگرە لە دانی مەرەخەسی بە کەماڵ شەریفی و ئەو زیندانییە سیاسییە هەتا ئێستا لە مافی مەرەخەسی، بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩ لە زیندانی میناب تووشی جەڵتەی دڵ ببوو و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرابوو، بەڵام پاش تەنیا چوار ڕۆژ و پێچەوانەی ئاگادارییەکانی پزیشک و زووتر لە کاتی دیاریکراو، گەڕیندرایەوە بۆ زیندان.

کەماڵ شەریفی ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمی ساڵی ٩٩، بۆ نەخۆشخانەی "پیامبر اعظم" لە شاری بەندەرعەباس گوێزرابووە و نەشتەرگەریی  (آنژیوپلاستی) و هەروەها " دانانی لوولەی تۆڕی پلاستیکی بۆ دڵی" (استنت‌گذاری)، بۆ کرا. ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ئەو نەشتەرگەرییە، سەرەڕای پێویستی زیاتر مانەوەی لە نەخۆشخانە، پاش دوو ڕۆژ دووبارە بۆ زیندانی میناب، گەڕایندرایەوە.

پاس بڵابوونەوەی هەواڵی پەیوەندییدار بە دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە لە میدیاکان و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لەلایەن ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانەوە، مانگی مارسی ساڵی ٢٠٢٢ نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەقەڕی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژێنێف، لە نامەیەکدا بۆ ئەو ڕێکخراوە، ئەو هەواڵانەی بە "ساختەکاری و دەنگوسازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" گەڕاندەوە و نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەو زیندانییە سیاسییە، لە زینداندا، باری تەندروستی جێگیر و سڵامەتە، ئەو دەتوانێ لە تەواوی ئەو ئیمکانات و خزمەتگوزارییەی کە لە بەردەستی زیندانییان دایە، کەڵکوەربگرێت و هیچ جۆرە بەربەستێک بۆ ئەو دیاری نەکراوە.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠، کەماڵ شەریفی بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بێبەریکردنی لە چاوپێکەوتن دەستی دابووە  مانگرتن و لە ٤٨ـەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا، بۆ یەکەم جار پاش دەسبەسەری، ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی پێدرا و پاش ئەو چاوپیکەوتنە لەگەڵ دایکی لە مانگی پووشپەڕی هەمان ساڵ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی، هێنا.

ئەو زیندانییە ٥ی جۆزەردانی ١٣٨٧ لە سەقز لە ڕەوتی شەڕێکی چەکداری لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی ٦ مانگ بەبێ دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەیی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

کەماڵ شەریفی ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ٧٨، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقز، بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای خەباتی چەکداری و ئەندامبوون لە حدکا" بە پشتبەستن بە مادەکانی ١٨٦ و ١٩٠ی یاسای سزای ئیسلامی، بە ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخراوەیی بۆ زیندانی میناب، مەحکووم کرابوو.

حوکمی دادگای ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ساڵی ٨٧، لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پاریزگای سنە، بە شێوەی فەرمی پشتڕاست، کرابووە.