زیندانی قزڵحەسار، ئۆردووگای مردن

15:38 - 22 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: \"زیندانی قزڵحەسار، ئۆردووگای مردن\"، ئەمە ناوی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە سەر زیندانی قزڵحەسار بڵاوی کردووەتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە بۆنەی ١٨ی سەرماوەز، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤەوە، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە سەر زیندانی قزڵحەسار و زیندانیەکانی ئەو زیندانە بڵاوکردووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤدا هاتووە، زیندانی قزڵحەسار لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە نزیک جادەی قزڵحەسار لە پارێزگای ئەلبۆرز دروست کراوە _ دەبێ بڵێن ئەو زیندانە بە یەکێک لە زیندانە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دێتە ئەژمار.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤەدا هاتووە، لە دەیەی شەستی هەتاوی‏دا، کە سەرەتای شەپۆلی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە حکوومەت دێتە ئەژمار، زیندانیانی سیاسی ڕەوانەی ئەو زیندانە دەکران و سزای ئیعدامی ئەو زیندانییانە، هەر لەوێ بەڕێوە دەچوو.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، پێشێنەی بوونی زیندانییانی سیاسی لەو زیندانە، بۆ پێش لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی‏دا دەگەڕێتەوە، بۆ دەورانی محەممەدڕەزای پەهلەوی. یەکێک لەو زیندانییە سیاسییانە، دوکتور محەممەد مەلەکی‏یە، کە بەشێک لە دەورانی مەحکوومییەتی خۆی لە زیندانی قزڵحەسار بەسەر بردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زۆربەی زیندانییەکانی ئەو زیندانە، تاوانبارانی تایبەت بە مادە سڕکەرەکان پێکی‏دێنن و کەسانێک کە بە تاوانی کوشتن، دەستدرێژیی و ئاژاوە نانەوەو...هتد، لەو زیندانەدا هەن و زۆربەی زیندانییەکانی خەڵکی پارێزگای تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانن و لە ئێستادا زۆربەی سزای ئیعدامەکان لەو زیندانە بەڕێوە دەچێت، کە بەداخەوە سەرنجی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی، بە ڕێژەی ئەو ئیعدامانە وەکوو پێویست نەبووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، وێڕای ٩ یەکە لە نهۆمی سەرەوەی، خاوەنی شوێنی تایبەت بە قەرەنتینە و شوێنێکی دیکەشە بە ناوی \"سگدان\"(کولانە سەگ)، کە هەموو زیندانییەکان، پێش لە چوونە نێو زیندان، سەرەتا دەچنە شوێنی قەرەنتینەکەوە.

ڕاپۆرتەکە بە ئاماژدان بە ڕێژەی زۆربوونی کەسەکان لەو زیندانەدا باس لەوە دەکات کە؛ ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نیە، بەڵام بەپێی ئامارێک کە لە زیندانیانی قزڵحەسار بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێڕان گەیشتووە، لانیکەم شەش هەزار کەس لە یەکەی ژمارە (١)، دوو هەزار و چوارسەد کەس لە یەکەی ژمارە (٢) و حەوت هەزار کەس لە یەکەی ژمارە (٣) دان.

ڕاپۆرتەکە دەپڕژێتە سەر کەموکۆڕییەکانی زیندانەکە

بێهداشت

لە هەر ساڵۆنێکدا، ژمارەیەکی کەم ئاودەست و حمام هەیە کە بە نیسبەت زۆربوونی ڕێژەی زیندانییەکان، وەڵامدەر نیە و بە وتەی زیندانییەکان، ئاوەڕۆی حمام و ئاودەستەکان پڕە لە قالۆنچە و مشک و بەشێک لە ئاودەستەکان بەتەواوی گیراون و بەکەڵک نایەن و هاوینانیش‏ ئاوی گەرم بۆ حمام کردن نیە.

خواردن و میوە

کوالێتی خورادن لە زیندان وەکوو پێویست نیە. سەوزە و میوە لە زیندان بۆ زیندانیەکان بوونی نیە و بە جێگای گۆشت لە سۆیا کەڵک وەردەگرن. زیندانیەکان مانگی جارێک دەتوانن بۆ کڕینی میوە، خۆیان ناونووس بکەن و یەکێک لە زیندانیەکانی بەندی سێ دەڵێت: \"ساڵ بە ساڵ چاومان بە مریشک و گۆشت ناکەوێت و تامی گۆشتمان لەبیر چووەتەوە\".

مادە سڕکەرەکان

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەموو چەشنەکانی مادەی سڕکەر لە زیندان دەست دەکەوێت. هێندێک لە زیندانیەکانی قزڵحەسار کە لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوە و کڕین و فرۆشتنی مادەی سڕکەر مەحکووم کراون، لە دەرەوەی زیندان \"بەکارهێنەر\" نەبوونە، بەڵام لە زیندان بۆخۆشیان گیرۆدەی مادەی سڕکەر بوونە و جۆرەکانی مادەی سڕکەر وەک هێرۆئین، شیشە، کراک و تریاک زۆرترین بەکارهێنەریان هەیه.

محەممەدعەلی زەنجیری، جێگری پەرەدان و بەڕێوەبەریی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی زیندانەکان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: \"لە زیندانەکاندا مادە سڕکەرەکان بە ٢٠ هەتا ٤٠ بەرانبەری نرخی دەرەوەی زیندان دەفرۆشرێتەوە\".

توندوتیژی

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە باس لە توندوتیژیی نێو زیندان دەکات و دەنووسێ؛ توندوتیژی دوو جۆرە، \"زیندانی لە دژی زیندانی\" و \"مەئموورانی زیندان دژی زیندانی\".

توندوتیژیی مەئمورەکانی زیندان لەگەڵ زیندانییەکان، لە سەرەتای چوونە ناو قەرەنتینەوە دەست پێدکات. یەکێک لە زیندانیەکانی یەکەی (٢)ی قزڵحەسار لە پەیوەندی لەگەڵ بەکاربردنی توندوتیژی لە ناو قەرەنتیەندا دەڵێت: \"لە کاتی پشکنین و وەرگرتنی کەلوپەلەکانمان، بە توندی لێیان دەداین و سووکایەتییان بە خۆمان و بنەماڵەکانمان دەکرد. کاتێک ئێمە ناڕەزایەتییەمان دەردەبڕی، زۆرتر توندوتیژییان بەرانبەرمان بەکاردەهێنا و مەئموورەکانی زیندان کەرەستە شەخسییەکانمانیان دەدزی.

بەشی کۆتایی ڕاپۆرتەکە تەرخانکراوە بۆ شۆڕش و مانگرتن لە نێو زیندانی قەزڵحەساردا

ئەو ڕاپۆرتە باس لە شۆڕش و مانگرتنی زیندانیەکان لە نێو زیندان‏دا دەکات و نووسیوەتی، شۆڕش و مانگرتن لە نێو زیندانی قزڵحەساردا زۆر ڕوودەدا و بەشێک لە هەواڵەکانی ئەو شۆڕش و مانگرتنانە لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاو بوونەتەوە، کە ئەمەش وەکوو خۆی، دەنگدانەوەی زۆرتری هەبووە.

بۆ نموونە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٢هەتاوی‏دا، دوا بە دوای گواستنەوەی ١١ زیندانی بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی بەڕێوەبردنی حوکمی ئیعدام، زیاتر لە ١٨٠٠ زیندانی لە یەکەی (٢) دەستیان دایە مانگرتن. دوای ٩ ڕۆژ بە نێوبژیوانیی بەرپرسانی زیندان و دەسەڵاتی دادوەری و بەڵێنیی پێداچوونەوەی دووبارە بە پەروەندەکەیان، مانگرتنەکە کۆتایی پێهات.

هەروەها لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٨٢ی هەتاوی، لە کاتی گواستنەوەی ١٠ زیندانی بۆ ئیعدام‏دا، زیندانیەکانی یەکەی (٢) و (٣)، دەستیان‏دایە شۆڕش و هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەرکوتکردنی ئەو شۆڕشە، لە سیلاحی گەرم کەڵکیان وەرگرت کە چەندین کوژراو و برینداری لێ‏کەوتەوە.