زیندانیەکی سیاسی کورد لەسێدارە درا

21:05 - 19 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسیی کورد، هاووڵاتییەکی دیکە کورد لە زیندانی ناوەندی تەورێز لە سێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ، سیروان نژاوی زیندانی سیاسی کورد، دوای زیاتر لە سێ ساڵ دەستبەسەری و ناڕوونی چارەنووسی رۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٤ هەتاوی ئێعدام کرا.

نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، رایانگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە لە رێگەی تەلەفوونەوە پەیوەندیی لەگەڵ براکەی سیروان نژاوی کراوە و پێی وتراوە کە سیروان ئێعدام کراوە و بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی پێویستە سەردانی زیندان بکەن.

سیروان نژاوی خەڵکی گوندی \"نەڵۆس\"ی سەر بە شاری سەردەشت، لە رێکەوتی ١٤ پووشپەڕ ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر رەوانەی گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسی کوردە، دوای دوو مانگ لە دەستبەسەری لە ئیتلاعاتی ورمێ،بۆ زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد گوازرابوویەوە و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەرێکەوتی ٢٩ی رێبەندان ساڵی رابردوو لەگەڵ سامان نەسیم، عەلی و حەبیب ئەفشاری، ئیبراهیم عیساپوور و یوونس ئاقایان لە کەش وهەوایەکی تەواو ئەمنیەتیدا لە زیندانی ناوەندی ورمێەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوو.