٤ زیندانیی سیاسیی کورد پاش نزیک بە ٢٠ ساڵ راگیران لەزیندان مافی مەرەخەسییان پێ نادرێت

19:11 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ورمێ، رەجایی شاری کەرەج و زیندانی یەزد لە کاتی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئێستا هیچ مەرەخەسییەکیان پێ نەدراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عوسمان مستەفاپوور زیندانیی سیاسیی کورد کە هاوینی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی ورمێ دەستبەسەر کرا، پاش ٢٢ ساڵ و ٤ مانگ راگیران لە زیندان مەرەخەسیی پێ نەدراوە.

\"17027.jpg\"
عوسمان مستەفاپوور زیندانیی سیاسیی کورد ماوەی ٢٢ ساڵە مەرەخەسی پێ نەدراوە
ئەو زیندانییە سیاسییە کە بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانی کراوە پێشتر لە رەنجنامەیەکدا کە بۆ خۆی بڵاوی کردبوویەوە، نووسیبووی \" سالی ١٣٧٤ بە بێ هیچ هۆیەک پەروەندەیەکیان لەژێر ناوی قەتڵ بۆ من ساز کرد و ساڵی ١٣٧٩ پاش ٩ ساڵ مانەوە لە زیندان، پێیان راگەیاندم بەهۆی بەشداری لە کوشتندا بە ١٥ ساڵ زیندانیی دیکە مەحکووم کراوی\".

عوسمان مستەفاپوور لە بەشێکی دیکە لە رەنجنامەکەیدا باسی لەوەش کردبوو \"سەرلەنوێ بانگهێشتی دادگا کرامەوە و بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتدا بە ١٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرام کە هەتا ئێستاش کۆتایی زیندانییەکم رێکەوتی دوایی هاتنی حوکمەکەم پێ رانەگەیندراوە\".

ناوبراو لەو رەنجنامەیەدا کە بڵاوی کردبوویەوە، نووسیویەتی\" سەرەڕای ئەوەی کە لەو ماوەیەدا، خوشک و برا و دایکم مردوون، بۆ چوونە سەر گڵکۆکەشیان مەرەخەسیم پێ نەدراوە، بۆیە داوا لە رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە بەخەوەرەكانی سەرانسەری دونیا دەكەم كە بە لێكۆڵینەوە كردن لەبارەی رەوتی دادگایی و بە فێڕوو چوونی ٢٢ ساڵ لە تەمەن و لاویەتیم لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیدیعا و بانگەشوەە بە فێڕۆ بچێت.

هەروەها محەمەمد نەزەری پاش ٢٠ ساڵ مانەوە لە زیندان و چەندین جار مانگرتن و داوای مەرەخەسی کردن، هێشتا مەرەخەسیی پێ نەدراوە و لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە.

ئەو زیندانییە سیاسییە رێكەوتی ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەن ٢٣ ساڵیدا و لە شاری بۆكان لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و لەلایەن دادگای شۆرشی \"ورمێ\"ـەوە حوکمی سێدارەی بۆ برایەوە و ساڵی ٧٨ی هەتاوی حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

محەمەمد نەزەری کە ساڵی رابردوو لە دیمانەیەکی تایبەتیدا کە لەگەڵ یەکێک لە هاوبەندییەکانی خۆی ئەنجامی دابووکە دواتر بۆ ئاژانسی کوردپا نێردرابوو، رایگەییاندبوو \"داوا لە هەموو خەڵكی ئێران دەكەم كە بۆ ئازاكردنم لە زیندان یارمەتیم بكەن، من نە تیرۆرم كردووە و خەباتی چەكدارانە، كە وایە ١٩ ساڵ زیندانی بەس نیە. من داوا لە هەموو مرۆڤدۆستان دەكەم كە فەرامۆشم نەكەن و یارمەتیم بكەن و دەستم بگرن كە لەمە زیاتر ستەمم لێنەكرێت، ئەم مانگرتنە هەتا رۆژێك ئازاد بكرێم، درێژەی هەیە\".

هاوکات ئیبراهیم حوسێن پوور زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر عەباس‌زادە\" بە ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار بە فەرمی داوای مەرەخەسی کردووە و لە کاتێکیشدا تەنیا ٧ مانگ لە حوکمەکەی ماوە، لە مافی مەرەخەسی و تەنانەت ئازادیی مەرجداریش بێبەرییە.

ساڵی رابردوو یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئیبراهیم حوسێن پوور بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاندبوو، پاش تێپەڕینی ١٦ ساڵ بەسەر زیندانی کرانی ناوبراودا، ماوەی ٥ مانگە کە حوکمی ئازادییەکەی لە دادگای شاری مەهابادەوە رەوانەی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کراووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو زیندانە بەبیانووی ونبوونی پەروەردەکەی، خۆ لە ئازادکرانی ئیبراهیم دەبوێرن\".

\"17034.jpg\"
والی درودی زیندانیی سیاسیی کورد ماوەی ١٧ ساڵە مەرەخەسی پێ نەدراوە
لەلایەکی دیکەوە والی درودی زیندانیی سیاسی کوردی خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی سەربە شاری کامیاران، پاش زیاتر لە ١٧ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد، هەتا ئێستا مافی مەرەخەسیی پێ نەدراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بووە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کراو و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.

والی دروودی بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتاهەتایی و دوور خرانەوە بۆ زیندانی یەزد مەحکووم کرا.