زیندانییەكی سیاسیی كورد لە زیندان گیانی لەدەست دا

17:24 - 16 جۆزەردان 2712
كوردپا: چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی لە ئێران بڵاویان كردەوە، محەممەد مەهدی زالیە زیندانیی سیاسیی كورد كودر پاش 21 ساڵ زیندانی و ئەشكەنجە و ئازار لە زیندانی \"گەوهەردەشت\"ی كەرەج گیانی لەدەست داوە.

لە راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤ و دێمۆكراسیدا هاتووە، محەممەد مەهدی زالییە پاش تێپەڕاندنی 21 ساڵ زیندان لە زیندانەكانی ورمێ‌ و گەوهەردەشتی كەرەج و ئەشكەنجە و ئازاری جەستیی و رۆحی، تووشی چەندین نەخۆشیی چارەسەرنەكراو بووە و بەهۆی پێشگیری لە چارەسەر كردنی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو زیندانییە سیاسییەی كورد لە ساڵۆنی 12ی بەندی 4ی زیندانی گەوهەردەشتی كەرەج دەستبەسەر بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا پێشتر هەواڵدەریی هێرانا لە راپۆرتێکدا بڵای کردبۆوە کە مەهدی زالییە ماوەی 18ساڵ لە زیندان دەستبەسەر بووە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات هێندە پێشیان بە دەرمان كردنی ئەو زیندانییە سیاسییە گرتووە كە باری تەندروستیی بە تەواوەتی تێكچوو و لە رۆژانی كۆتایی ژیانیدا بۆ نەهێشتنی بەرپرسایەتیی گیانی لەسەر شانی خۆیان، بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانیان راگواستووە كە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەو باوەڕە دان مەئموورانی ناوەندە ئەمنەیتی و ئیتلاعاتییەكانی ئێران بۆ بەچۆكدا هێنانی زیندانییانی سیاسی شێوەی نامرۆڤانەی پێشگیری لە دەرمانی نەخۆشیی زیندانیان دەگرنە بەر و وەكوو رێكارێك بەكاری دەهێنن.

بەپێی راپۆرتی رێپۆرتێرانی هێرانا، محەممەد مەهدی زالیە زیندانیی سیاسیی كورد و برینداری شیمیایی شەڕی ئێران و عێراق كە ١٨ ساڵە لە زیندانەكانی ورمێ‌ و رەجایی شەهری كەرەج دەستبەسەرە، چەند رۆژ لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشیی سییە بۆ چارەسەریی بۆ نەخۆشخانەی رەجایی كەرەج راگوێزرابوو.
محەممەد مەهدی زالیە چەندین جار بۆ چارەسەریی نەخۆشییەكەی داوای ئیزنی مەرەخەسیی لە لێپرسراوانی زیندان كردووە، بەڵام بەپرسان دژایەتییان لەگەڵ ئەو داوایەی ناوبراو دەربڕیوە.

ئەم گرفتە لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا بۆ زۆرێك لە زیندانییانی سیاسیی كورد لە زیندانەكان لە گۆڕێدا بووە و بەرچاوترینیان محەممەد سدیق كەبوودوەندە كە سەرەڕای ئەوەی تووشی چەندین نەخۆشی بووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەریی هەڵنەهێنراوەتەوە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە هەتا ئێستا چوار زیندانیی كورد لەناو زیندانەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەهۆی جۆراوجۆر گیانیان لەدەست داوە كە زانیاریەکانیان بەم چەشنەیە:
ـ موحسێن قازی زادە، خەڵكی جوانڕۆ، رێكەوتی 25/1/1391 لە زیندانی دیزڵ ئابادی كرماشان
ـ شێرزاد خزری، زیندانیی سیاسی، خەڵكی بۆكان، رێكەوتی 5/2/1391 لە زیندانی سەڵماس
ـ سامان ئەمینی، زیندانیی سیاسی، خەڵكی سنە، رێكەوتی 20/2/1391 لە زیندانی ناوەندیی سنە
ـ مەهدی زاڵییە، زیندانیی سیاسی، رێكەوتی، شەوی 15 لەسەر 16ی جۆزەردان لە زیندانی گەوهەردەشتی كەرەج


مەرگی بێدەنگی زیندانیانی سیاسی:
بەپێی راپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ماوەی دوو حەفتەی رابردوودا ئەمە دووەمین زیندانیی سیاسییە كە بە بڕیاری مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران پێش بە دەرمان كردنی دەگیرێت و گیانی لەدەست دەدات.

رێكەوتی 1ی جۆزەردان مەنسوور رادپوور، زیندانییەكی سیاسیی دیكە بەهۆی نەخۆشی و پێشگیری لە دەرمان كردنی لە زیندان گیانی لەدەست دا.

لە حاڵێكدا هەواڵدەرییە ناوخۆییەكانی ئێران باس لە مەرگی 7 زیندانیی سیاسی لەناو زیندانی رەجایی شەهری كەرەج لە ماوەی یەك مانگدا دەكەن، بەڵام چالاكانی مافی مرۆڤ كە زیندانی رەجایی شەهریان بە زیندانی \"باستیل\" وەسف كردووە، لەو رایانگەیاندووە ئەو رێژەیە لە نێوان 10 هەتا 15 كەسە.

بەپێی راپۆرتی بەشی فارسیی ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا، زیندانی رەجایی شەهر كە وەك شوێنێکی دوورخرانەوە بۆ زیندانیان دەچێت، بۆتە جێگایەک بۆ زەخت و گوشاری جەستەیی و دەروونی لەسەر بەندییەكان و هەموو مافەكانیان پێشێل دەكرێت.

چەند زیندانییەكی سیاسیی لەو زیندانە لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی خراپی ناو زیندان و شێوازی هەڵسوكەوت نامەیەكی ئیعترازییان بۆ دادستانی گشتیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران نووسیویە و باسیان لە زیادبوونی زەخت و گوشارەكان و هەروەها بڕیاری پێشگیری لە پێوەندیی تەلەفۆنیی زیندانیانی سیاسی بۆ ماوەی یەك ساڵ كردووە كە لەلایەن لێپرسراوانی ئەمنیەتییەوە بڕیاری لەسەر دراوە.