زیندانییەكی سیاسیی كورد لەزیندانی میناب تووشی شێرپەنجە بووە

14:45 - 20 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: زیندانییەكی كوردی خەڵكی شاری كرماشان كە لەگرتووخانەی میناب لەدەستبەسەریدایە بە هۆی رێگریی بەردەوامی بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەكان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی، تووشی شێر پەنجە بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەفشین سوهراب‌زادە كە ماوەی پێنج ساڵە لەگرتووخانەكانی حكوومەتی ئیسلامیدایە، دوای كێشانی ئازارێكی زۆری جەستەیی و بێبەری بوونی لەچارەسەریی پزیشكی سەرەنجام دەركەوتووە كە تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووە.

رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٨‌ی خەزەڵوەڕ ئەفشین بە هۆی ئازاری زگ و خوێن‌بەربوونەوە لەهۆش خۆی چووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی شاری میناب و پشكنینی پزیشكە دەركەوتووە كە شێرپەنجەی ریخۆڵەی هەیە.

\"23106.jpg\"
ئەفشین سوهراب‌زادە، تووشی شێرپەنجەی ریخۆڵە بووە
لەو بارەیەوە كەمپەینی بەرگری لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنی بڵاوی كردۆتەوە، ئەو زیندانییە سیاسیە كوردە ماوەی دوو ساڵ بوو كە بەدەست ئازاری گەدە، ریخۆڵە و ئازاری ناو زگییەوە دەیناڵاند، بەڵام بە بەردەوامی رێگری لەچارەسەركردنی پزیشكیی ئەو لاوە كوردە كراوە.

ئەفشین سوهراب زادە تەمەن ٢٤ ساڵ، سەرماوەزی ١٣٨٨ لەشاری كامیاران بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەكێك لەحیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران دەستبەسەر و بۆ ماوەیەكی زۆر لەئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا لەژێر ئەشكەنجەدا بوونە.

بەپێی دوایین زانیارییەكان ئەو زیندانییە سیاسییە بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی زۆرەوە لووت و چەند ددانی شكابوو، هەروەها تووشی \"فیتق\"‌یش ببوو، کە دواتر لە نەخۆشخانەی شاری سنە نەشتەرگەری بۆ كرابوو.

ئەفشین سوهراب‌زادە لە لقی ٢‌ی دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری سنە بە ٢٥ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ میناب حوكم دراوە.

ئەو هاووڵاتییە كرماشانییە پووشپەڕی ئەمساڵیش بە هۆی دۆخی زیندان و رێگری لەچارەسەریی پزیشكی دەستی دابوویە خۆكوژی و پێشتریش بۆ چەندین جار مانی لەخواردن گرتووە.