زیندانییەک لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

19:56 - 8 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە هۆی سووکایەتیی کردن لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەستی دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٨ی سەرماوەز، زیندانییەک لە بەندی یەکی زیندانیی ڕەجایی شاری کەرەج خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

شوناسی ئەو زیندانییە بە \"محەممەدی لوڕ\" تەمەن ٣١ ساڵ ڕاگەیەندراوە و ماوەی ٥ ساڵە بە تۆمەتی \"دزی و شەڕ کردن\" لە زیندان دایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە، هۆکاری خۆکوشتنی ئەو زیندانییە سزای نادادپەرورانە، بارودۆخی نالەباری زیندان و سووکایەتی کردن بە زیندانییەکان بووە.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها لە زاری یەکێک لە هاوبەندەکانی محەممەد لوڕ بڵاوی کردووەتەوە کە، \"دیار نییە بۆچی محەممەد لە بەندی ٣ بۆ بەندی ١ کە شوێنی زیندانییە ئێعدامییەکانە، گوازراوەتەوە و زۆر جار محەممەد گوتوویەتی ئەگەر ٢٠ میلیۆنم هەبوایە لە ماوەی یەک مانگدا ئازاد دەبووم.