زیندانییەکی کورد پاش دوو ساڵ مانەوە لە زینداندا، لە مورەخەسی بێبەرییە

13:52 - 15 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی شاری سەقز، لەگەڵ مافی وەرگرتنی مەرەخەسی و ئازادیی بێمەرجی زیندانییەکی سیاسیی کورد دژایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"ئیقباڵ زارعی\"، خەڵکی شاری سەقز پاش دوو ساڵ زیندان بوون، لە لایەن بەرپرسانی زینداندا لە مافی مورەخەسی و ئازادیی بێمەرج بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقز، بە هەواڵنێریی کوردپای ڕایگەیاند: \"ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، دوو جار داوای لێخۆشبوونی بێمەرجی کردبوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان لەگەڵ داواکارییەکەی ناوبراو دژایەتییان کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، کە تووشی نەخۆشی خوێن و گورچیلە بووە، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندان.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.