زیندانییەکی کورد لە هەمەدان لەسێدارە درا+ئامار

16:06 - 18 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی هەمەدان حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردیان لەو زیندانەدا بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ زیندانییەکی کورد بەناوی ئیرەج عەبدوڵڵاهی و کوڕی سەعید لە زیندانی هەمەدان لە سێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان: تۆمەتبار کرابوو.

ئیرەج عەبدوڵلاهی خەڵکی گوندی \"ناری\"ی سەربە بەخشی ناوەندیی شاری ورمێ بووە.

پێشتر کۆمیساریای باڵا لە رێکخراوی جیهانیی پلاندانان بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو: \" کارکردی دەوڵەتی ئێران بۆ بڕینەوەی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لە ژێر ناوی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکاندا، جێگەی پەسند نییە\".

زۆرێک لە حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان سەبارەت بە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە چوارچێوەی یاسای پێڕاگەیشتنی تاوانەکاندا نییە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئیستا، ٥٨ کەس لە وڵاتی ئێران لە سێدارە دراون، کە لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە، ١٩ کەسیان هاووڵاتیی کورد بوونە و لە زیندانی ناوچە کردنشینەکانی ئێران حوکمی لەسێدارەدرانیان بەڕێوە چووە.