زیندانییەکی کورد لە قەزوێن لە سێدارە درا

21:32 - 3 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە شاری قەزوێن لە بەرچاوی بەرپرسانی ئەمنیەتی_قەزایی ئەو زیندانە، ئیعدام کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‏شەممە، سێی بەفرانبار، حوکمی ئیعدامی زینداییەکی تەمەن ٤٦ساڵان بە ناوی ڕەحیم قادر موکەڕەم(قادر ئاشوانی) خەڵکی شاری شنۆ، بەڕێوەچوو.

هاوکات لەگەڵ ئیعدام کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ٧ کەسی دیکەش بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوە ئیعدام کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ ڕایگەیاند: \"ڕەحیم قادر موکەڕەم پێشتریش لەگەڵ تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر بەرەوڕوو ببووەوە و ١١ ساڵ لە زیندانەکانی تاران بووە و دواتر ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندی \"ئاسناوێ\"ی سەر بە بەشی نەڵۆسی شاری شنۆیە.

ئیعدام کردنی ئەو هەشت کەسە لەکاتێکدایە کە دادگوستەریی ئەو پارێزگایە لە حەوتووی ڕابردوودا، باسی لەسێدارەدانی ٨ زیندانیی دیکەی بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەری کردبوو.

ئێران لە پاش چین، بە پێشەنگی ئیعدام کردنی شارۆمەندانی لە جیهان بە ئەژمار دێت دێت و زۆرترین ژمارەی ئیعدام کراوەکان لە ئێران، بە هۆی تاوانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکانەوەیە و دوای ئەویش بابەتی حوکمی کوشتە (قیساس) کە تاوانباران بەدەست بنەماڵەی کوژراوەکان دەچنە سەر پەتی سێدارە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، باسی هەڵوشانەوەی سزای ئیعدام بۆ تاوانبارانی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکان بەهێز بوو، زیاتر لە ٧٠ نوێنەری پارلمان گەڵالەیەکیان سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی سزای ئیعدام بۆ ئەو کەسانەی بەبێ سیلاح تووشی قاچاخی مادەی سڕکەر دەبن، پێشکەش بە پارلمانی ئێران کرد.