زیندانییەکی کورد لە زیندانی \"ئەراک\"ـەوە بۆ زیندانی مەهاباد گوازرایەوە

15:49 - 24 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد لە بەرەبەری تەواو بوونی حوکمەکەیدا لە ناوەندیی \"شاری \"ئەراک\"ی سەربە ئوستانی \"مەرکەزی\"ـەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا زیندانییەکی ژورناڵیستی کورد بەناوی \" محەممەد ئەشعەری\" خەڵکی شاری مەهاباد پاش کە ٢٠ مانگ راگیران لە زیندانی \"ئەراک\"، لەلایەن هێــــزە ئیتلاعاتییەکانەوە رەوانەی زیندانی شاری مەهاباد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری ئەراک دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە، دواتر ئه‌و حوکمه له دادگای پێداچوونه‌وه دا به ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٣ ساڵ زیندانیی ته‌علیقی بۆ ماوه‌ی ٤ سال گۆرانی بەسەرداهات .

دادگای ئەراک ئەو زیندانییە کوردەی بە هاوکاری لەگەڵ راگەیەنەکانی دەرەوەی وڵات بە تایبەت شەبەکەی بی بی سی و بڵاڤۆکی زیگزاک تاوانبار کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ ٣ زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی \"محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی\"، \"جیهانگیر بادوزادە\" و \"مستەفا(یوسف)کاکەمەمی بە بڕیاری بەرپرسی زیندانی ناوەندیی مەهاباد بۆ قەرەنتینەی نێو ئەو زیندانە گوازرانەوە.

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی بە تاوانی هاوکاری راستەوخۆی یەکێک لە حیزبە کوردیەکان بە ١٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی شاری \"تەبەس\" مەحکووم کراوە.

هاوکات جهانگیر بادوزادە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە زیندانی هەتاهەتایی و \"یوسف کاکە مەمی\"ش بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.