زیندانییەکی کورد، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێدارە درا

21:34 - 5 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سونی مەزهەبی کورد؛ لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ئەو شارە ئێعدام کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، حوکمی ئێعدام کردنی زیندانییەکی سونی مەزهەبی کوردیان لە زیندانی ئەو شارە جێبەجێ کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە \"سەید جەماڵ مووسەوی\" خەڵکی شاری سنە ڕاگەیەندراوە.

بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە بنەماڵەی ئەو زیندانییە مەزهەبییە کوردەیان، کە لە شاری سنە چووبوونە شاری کەرەج ڕاگەیاندووە، سەید جەماڵ سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئێعدام کراوە و تەرمەکەیان بە هۆی ئەمنییەتیی بوون، ڕادەستی هێزە ئەمنیەتییەکان کردووە.

ئەو زیندانییە سونی مەزهەبە، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، بە بیانووی بانگهێشت‌کردنی بۆ بێهداری، قۆڵبەست کراوە و بۆ ژووری تاکەکەسی بە مەبەستی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامەکەی گواستراوتەوە.

سەید جەماڵ مووسەوی، لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، لە ڕێگای دانانی ماڵەکەی بۆ بەڕێوەچوونی وانە عەقیدەتی و سیاسییەکان و دابین کردن تێچوو لە بواری پڕوپاگەندە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"بابایی\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

سەید جەماڵ مووسەوی، نزیک ١٤ مانگ پێش بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرایەوە.