زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا

21:54 - 25 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی خەلکی ورمێ لەسێدارە دراو لەسێدارەدانی دوو کەسی دیکەش لەو زیندانەدا بەدوور لە چاوەڕوانی نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لێپرسراوانی زیندانی ورمێ، سەرلە بەیانیی رۆژی رابردوو، رێکەوتی ٢٤ی خەرمانان، حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی (عەلی) و کوری مەلاحەمید بەڕێوە برد.

هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو زیندانەوە بڵاوی کردەوە: \"ئەو زیندانییە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئیڕانەوە بە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان\" تۆمەتبار کرابوو.

ئەو هاووڵاتییەی کە لە زیندانی ورمی لەسێدارە دراوە، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ساوا و دانیشتووی گوندی \"شێخ زەرد\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بووە.

هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە دوو زیندانیی دیکەی زیندانی دەریا، بە مەبەستی لەسێدارە دران بۆ ژووری تاکە کەسیی نێو زیندان گوازراونەتەوە.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەش، سێوەدین محەمەدی و فیلت عەزیزی راگەیاندراوە، کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدان.