زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ، بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەست دا

16:37 - 30 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: راگواستنی زیندانییەکی کورد بۆ ژووری قەرەنتینەی نێو زیندانی (دەریا)ی ورمێ، مەرگی گوماناویی ئەو زیندانییە کوردەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رووداوێکی گوماناویدا لە زیندانی ورمێ، زیندانییەکی کورد بەناوی حەبیب عەباسی بە شێوەیەکی گوماناوای گیانی لەدەست دا.

رووداوی مەرگی گوماناویی ئەو زیندانییە تەمەن ٤٣ ساڵەیە، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٣٠ جۆزەردان لە زیندانی ناوەندیی ورمێ هاتۆتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ حەبیب عەباسی ناوەڕاستی حەفتەی رابردوو بەهۆی دەمەقاڵەیەک لەگەڵ ئەفسەر نیگابانی زیندان، رەوانەی قەرەنتینەی نێو زیندان کرابوو، کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵوێستی بەرپرسانی زیندان مانی لە خواردن گرتبوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ گاردی تایبەتیی نێو زیندان، چەند رۆژ پیش ئێستا ئەو زیندانییە کوردەیان بانگهێشت کردبوو، کە لەلایەن ئەو هیزانەوە بە توندی بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی کردن ببوویەوە.

ناوبراو لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە هۆکاری مەرگی حەبیب عەباسی چی بووە، رایگەیاند؛ هەتا ئێستا بەشێوەی فەرمی هۆکاری مەرگی گوماناوەیی ناوبراو رانەگەیەندراوە، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەبەر دەستدا هەن، بەهۆی خوێنڕێژی و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو زیندانییە کوردە بە تاوانی \"کوشتنی ئەنقەست\" ماوەی چەند ساڵێک بوو لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە دەستبەسەریدا بوو.

هەواڵنێری کوردپا باسی لە باری \"نائاسایی\" لە نێو زیندانی ورمێ‌کرد و رایگەیاند؛ ئەمڕۆ هەینی سەرەڕای ئەوەی رۆژی پشوو بوو، بەڵام تێکڕای بەرپرسانی زیندان لە شوێنی کارەکانیان ئامادە بوون و زیندانییەکانیش ئیزنی چوونە دەرەوە لە بەندی نێو زیندانیان نییە.

پێشتریش لە زیندانی ورمێ، زیندانییەکی کورد بەناوی نەقدعەلی رەجایی، سەرەڕای ئەوەی گیانی لەدەست دابوو، تەرمەکەی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە لەسێدارە درابوو.

رۆژی سێشەممەی حەفتەی رابردوو، جگە لە نەقدعەلی رەجایی زیندانیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، ٩ کەسی دیکە لە زیندانیانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درابوون، کە ٤ کەسیان هاوولاتییانی کورد بوون.