زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ باری تەندروستی لە مەترسیدایە

15:09 - 10 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ورمێ ئیزنی سەردانی پزیشک بە زیندانییەکی کورد نادەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمیر پەیغامی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ باری تەندروستی لە مەترسیدایە و بەرپرسانی زیندان هەتا ئێستا ئیزنی سەردانی ناوبراو بۆ لای پزیشکیان پێنەداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو زیندانی ورمێ بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە ناڕەزایەتی بەرانبەر حوکمەی دادگا دەربڕیوە بەڵام تا ئێستا بێ‌وەڵام ماوەتەوە.

هەروەها ئەم سەرچاوەیە لەبارەی بارودۆخی ئەم زیندانییە کوردەوە ڕایگەیاند: قازی چاوەدێر بەسەر زیندان لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، ناوبراوی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ کردبوو، بەڵام چارەسەرییەکان سەرکەوتوو نەبوون.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هەواڵی بارودۆخی خراپی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە \"سەفەری\"، بەرپرسی زیندان و \"بایرام زادە\" قازی چاوەدێر بەسەر زیندان ڕاگەیەنرابوو، کە دەبێت بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شیراز بکرێت.

ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە بارودۆخی ئەم زیندانییەوە وتی: ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە پێشتر هەر لە شاری شیراز چارەسەر کراوە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی چارەسەری پێویستی پزیشک دەبێ لاقی ببڕنەوە؛ هەنووکە یەکێک لە لاقەکانی ناوبراو سێ قاتی لاقەکەی دیکەی هەڵئاوساوە کە جووڵەی بۆ ئەم زیندانییە دژوار کردووە.

ئەمیر پەیغامی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە ڕێكەوتی ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستگیر کرا و ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، دادگای نیزامی شاری ورمێ ئەم هاووڵاتیە کوردەی لەگەڵ دوو هاووڵاتی دیکە بە ناوکانی \"تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی\" سەرجەم بە پازدە ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانی کرمان مەحکوم کردبوو.