زیندانییەکی کورد لە زیندانی تەورێز گیانی لە دەست دا

14:45 - 3 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێزدا بووە، بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"عەلی عەباسی\"، تەمەن ٥٠ ساڵ بە هۆکاری نادیار لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

ئەو زیندانییە کوردە، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەسبەسەر کرا و دواتر حوکمی قیساسی بەسەردا سەپابوو، ماوەی سێ مانگە لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێزدایە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، ناوبراو بە هۆی بەکاربردنی \"حەبی مێتادوون\"، چەند ڕۆژ پێش لە ناکاو دەچێتە بێهۆشی درێژخایەنەوە و پاش ڕاگواستنی بۆ بێهداری، لەوێدا گیانی لە دەست دابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەم زیندانییە کوردە، بە ناڕوونی ماوەتەوە.