زیندانییەکی کورد لە زیندانیی ورمێ لە چارەسەری پزیشکی بێبەرییە

12:42 - 30 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دایە، بە هۆی تووش بوون بە نەخۆشیی ڕۆماتیزم، لە چارەسەری پزیشکی بێبەرییە.

سەید \"عێزەت تاهیری\"، کوڕی ڕەحمان خەڵکی شاری پیرانشار، کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ماوەی ٦ ساڵە لە بەندی ٣ و ٤ زیندانیی شاری ورمێ دایه، بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی ڕۆماتیزم، لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە، بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان، بێبەری کراوە.

جێگری زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەو زیندانییە کوردەی ڕاگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو ٧ میلیۆن تمەنی تێچووی نەخۆشییەکەی کردووە، ئەمساڵ ناتوانین بۆ چارەسەری پزیشکی تۆ ڕەوانەی نەخۆشخانە بکەین.

دەوترێ، نەخۆشی ڕۆماتیزمی ئەو زیندانییە کوردە، ڕووی لە زیاد بوون کردووە و بە جۆرێک هەر دوو لاقی ناوبراو ئەستوور بووە و بە سەختی دەتوانێ ڕێ بکات.
سەید عێزەت تاهیری، پاش لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، بە ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.