زیندانییەکی کورد دوای ٢٠ ساڵ ئازاد کرا

14:15 - 17 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانییە بەپێشینەکانی کورد لە گرتووخانەی یەزد، لە پاش تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی، گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانیی سیاسیی کورد، عەلی ساڵحی کوڕی محەممەدساڵح ،لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری یەزد ئازاد کرا.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٧٥ هەتاوی‏دا، لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، حوکمی ٢٠ ساڵ حەبسی بەسەردا سەپێندرا.

\"علیسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری جوانڕۆ وێڕای پشتڕاست‏کردنەوەی ئازادیی ئەو هاووڵاتییە، بە هەواڵدەریی کوردپای گوت: \"عەلی ساڵحی لە سەرەتاکانی زستانی ڕابردووەوە بە کردەوە ئازاد بووە و لە ئێستادا ناوبراو لە ماڵی باوکیەتی\".
عەلی ساڵحی خەڵکی گوندی \"شەژوێ\"ی سەربە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانە.

ئەو زیندانییە کوردە لە کاتی چالاکیی سیاسی بۆ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەوروبەری شاری سەلاسی باوەجانی، هاوڕێ لەگەڵ محەممەد مورادی، دەستبەسەر و بە تاوانی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای حیزبێکی نایاسایی\" حوکم درا.

ناوبراو ماوەی چەند ساڵ لە گرتووخانەی دیزڵ ئاباد لە کرماشان ڕاگیرا و دواتر بۆ گرتووخانەی یەزد ڕاگوێزرا.

لە کۆتایی هاوینی ڕابردوودا بوو کە محەممەد مورادی هەر لەو گرتووخانەیە ئازاد کرا و گەڕایەوە ماڵەوە.

گرتووخانەی شاری یەزد کە لە مەودای ١٠٠٠ کیلۆمیتریی شاری کرماشاندایە، ٢ چالاکی سیاسی کوردی دیکەش بە ناوەکانی والی دروودی و عومەر ئیمامی تێدایە.