زیندانییەکی کورد بە دوورینی لێوی مانی لە خواردن گرت

14:42 - 29 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هەڵسوکەوتی نەشیاو و نامرۆڤانە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، مانگرتن لە خواردنی زیندانییەکی لێ‌کەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مانگرتن لە خواردنی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەلی تەپەڕەش\" کوڕی \"حوسێن\" کە لە زیندانی ناوندیی شاری ورمێ زیندانی کراوە، بە دورینی لێوەکانی دەستی پێکرد.

ئەو کارەی ناوبراو، وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕینێک سەبارەت بە ئاکاری نامرۆڤە و هەڵسوکەوتی توندوتیژی بەرپرسانی زیندانی \"دەریا\"، بووە و دەگوترێت کە بارودۆخی تەندورستیی ناوبراو نالەبارە.

لە ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپادا هاتووە، ئەو زیندانییە تەمەن ٤١ ساڵە، لە کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوودا لێوی خۆی دۆریوەتەوە و لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.

دەوترێ، عەلی تەپەڕەش لە زیندان لەگەڵ گیرۆدەبووانی مادەی سڕکەر ڕاگیراوە و ناوبراو چەندین جار داوای پێڕاگەیشتن بەو بارودۆخە نالەبارەی کردوە، بەڵام هەر جارە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە لەباتیی وەڵام دانەوە، لەگەڵ لێپرسێنەوە و ئازار و ئەشکنجە بەڕەوڕوو بووەتەوە.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی شاری نەغەدەیە و زیاتر لە ١١ ساڵە لە زینداندایە.

بارودۆخی نالەباری زیندانییان و هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی بەرپرسانی حکوومەت، یەکێک لە ڕەخنەکانی عاسیمە جەهانگیر ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بووە و لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێکردووە.