زیندانییەکی پەیڕەوی ئایینی یاری، مەترسیی ئیعدام کردنی لەسەرە

12:17 - 7 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی پەیڕەوی ئایینی \"یاری\" کە بە ئیعدام حوکم دراوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ راگوێزرا.

هەواڵدەریی \"هێرانا\" بڵاوی کردەوە، سەرلە بەیانی ٦ی بەفرانبار \"یوونس ئاقایان عەلی بەگلوو\" زیندانیی مەحکووم بە ئیعدام، لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهابادەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ راگوێزراوە.

دوابەدوای دەرچوون و پەسند کرانی حوکمی ئیعدامی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە، چالاکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ جێبەجێ کرانی ئەو حوکمە دەربڕیوە.
\"10424.jpg\"
یوونس ئاقایان
یوونس ئاقایان ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی لە تەمەتی ٢٢ ساڵیدا هاوڕێ لەگەڵ ٤ کەسی دیکە لە گوندی \"وشتەپە\"ی سەربە شاری میاندواو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی \"دژایەتی لەگەڵ خودا\" بە ئیعدام مەحکووم کرا.

سەهەند عەلی محەمەدی، بەخش‌عەلی محەممەدی و عیبادوڵڵا قاسم‌زادە لە داگای پێداچوونەوە حوکمەکەیان بۆ ١٣ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە کەم کرایەوە.

مەهدی قاسم‌زادە یەکێکی دیکە لەو گیراوانە بوو کە پاش پەسند کرانی حوکمەکەی، رێبەندانی ١٣٨٧ی هەتاوی ئێعدام کرا.