زیندانییەکی سیاسی کورد ئیزنی مورەخەسی پێدرا

14:50 - 16 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی شاری یەزد، لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە ئیزنی مورخەسی پێدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، \"والی دروودی\" زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی شاری کامیاران لە زیندانی یەزد ئیزنی ١٥ ڕۆژ مورەخەسی لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ئەو شارە پێدرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژنسی کوردپای ڕاگەیاند: والی دروودی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆنی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مورەخەسی پێدراوە. ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی سەر بە شاری کامیاران و یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.