زیندانییەکی سیاسی کورد چارەنووسی ناڕوونە

15:25 - 5 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانی شاری سنە، زیاتر لە یەک ساڵە چارەنووسی ناڕوونە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەیدەر قوربانی کوڕی عەلی زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی شاری کامیاران لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ماوەی ١٣ مانگە چارەنووسی ناڕوونە و هەتا ئێستا دادگا بۆ جیاکردنەوەی تاوانەکەی بەڕێوە نەچووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسیەی قەزایی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەوتی ئاسایی خۆی نەپێواوە و هەروەها لە گرتنی پارێزەریش بێبەری کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"تیرۆر\" دەستبەسەر کردووە.

لە مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵیشدا، تەلەفزیۆنی \"پرێس‌تی‌وی\" بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک بە ناوی \"رانندە مرگ\" دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم زیندانییەیان بڵاو کردەوە.