زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

15:21 - 28 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی \"دزە\"ی ناوچەی مەڕگەوەڕی شاری ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە نیسبەت ڕەزامەندنەبوونی دادگا بۆ ئازادکردنی ناوبراو، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، \"فەرهاد سەحراپەیما\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری ورمێ، کە شەشەمین ساڵی زیندانبوونی لەو زیندانەدا تێدەپەڕێنێ، لە هەمبەر ڕەزامەندنەبوونی دادگا بۆ ئازادکردنی و بەڕێوەنەبردنی مادەی ١٣٤ کۆکراوەی حوکمەکان دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش مانگرتن لە خورادن لە لایەن مەئموورانی زیندانەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی گواستراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: داواکاریی ئەو زیندانییە بۆ کۆکردنەوەی حوکمەکان بەپێی مادەی ١٣٤ یاسای سزای ئیسلامییە و لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە ئازاد دەکرێت.

فەرهاد سەحراپەیما خەڵکی گوندی دیزەجی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێیە و مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩١ بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و دواتر لە لایەن دادگایی ئینقلابی شاری ورمێ بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.