زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی قەزوێن مانی لە خواردن گرت

13:44 - 8 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس لە زیندانی \"چووبیندەر\"ی قەزوێن لە هەمبەر بێبەش کردنی لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی \"سەید سامی حوسێنی\" بە هۆی ڕێگای پێیەندانی بۆ پەیوندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز، لە زیندانی \"چووبیندەر\" شاری قەزوێن مانی لە خواردن گرتووە.

بەرپرسانی زیندانی قەزوێن ماوەی دوو مانگە هەوڵی ڕێکخستنی سیستمی هوشمەندی تەلەفۆنیان لەو زیندانە داوە و هەر زیندانییەک دەبێت ٧ ژمارە تەلەفۆنی بنەماڵەکەی بدات بە بەرپرسانی زیندان و کارتی تەلەفۆنی هوشمەند وەردەگرێت، کە تەنیا دەتوانێت لەگەڵ ئەو ژمارانەدا پەیوەندی بگرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤ کوردستان، لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، سەرەڕای تۆمار کردنی ژمارەکان لە لایەن سەید سامی حوسێنی، کارتی هوشمەند بە ئەو زیندانییە سیاسییە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە نەدراوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە ئەو زیندانییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی زیندان مانی لە خواردن گرتووە.

سەید سامی حوسێنی لە دایکبووی ساڵی ٥٨ی هەتاویە و خەڵکی گوندی \"هەفتوان\" سەر بە شاری سەڵماس لە ١٥ی جۆزەردانی ساڵی ٨٧ لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعات لە خاڵی پشکنین لە شاری شیراز لەگەڵ سەید جەمال محەممەدی دەسبەسەر کرا.