زیندانییەکی سیاسی بە پێبەندی ئەلێکترۆنیکی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا

11:41 - 2 خەرمانان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان، مەلا جەمشید حەمیدی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "شاوانە"ی شاری شنۆ، بە پێبەندی ئەلێکترۆنیکی لە زیندانی ئەو شارە، ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن ٤٦ ساڵەیە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شنۆ، بە سەرۆکایەتیی "مێهدی ڕەزایی" بەتۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم و حوکمە تەعزیرییەکەی پاش "تسلیم بە ڕای" بۆ سێ ساڵ و ٦ مانگ کەم کرایەوە.

مەلا جەمشید حەمیدی ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا و پاش ٨ مانگ  ڕاگرتنی لەو زیندانە، بۆ زیندانی شاری شنۆ، گوێزرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبرایان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ، بۆ زیندانی شنۆ، گوێزرابووەوە.