زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش ١٧ ساڵ دەستبەسەری، مەرەخەسی پێ‌درا

13:59 - 27 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش ١٧ سال دەستبەسەری و راگیران لە زیندان، بە سپاردنی بارمتەیەکی قورس، ١٥ رۆژ مەرەخەسی پێ‌درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئیبراهیم حوسێن‌پوور زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کەلە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەریدا بوو، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی رەشەممە رەوانەی مەرەخەسی کرا.

ئیبراهیم حوسێن پوور تەمەن ٤٣ ساڵ، سەرەتای مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"عەباس‌زادە\" بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی شارەکانی مەهاباد و ورمێ لە دەستبەسەریدا بووە و دواتر بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خراوەتەوە.

\"18861.jpg\"
محەمەد نەزەری زیندانیی سیاسیی ئازەری زمان بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆرانی بەسەردا هات
ئیبراهیم حوسێن‌پوور لە کاتێکدا مەرەخەسی پێ‌دراوە، کە لە ماوەی حوکمەکەی‌دا لە مەرەخەسی بێبەری بووە و ناوەڕاست مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی ماوەی زیندانییەکەی بە یەکجاری کۆتایی پێ دێت.

هەنووکە دوو زیندانیی سیاسیی دیکە بەناوەکانی محەمەد نەزەری خەڵکی شاری سایین قەڵا و عومەر فەقێ‌پوور خەڵکی شاری مەهاباد، کە بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، ماوەی ٢٠ ساڵە لە زیندانەکانی ئێراندان، لە مافی مەرەخەسی بێبەرین و سەرەڕای ئەوەیکە دەیان جار داوای چوونە مەرەخەسییان کردووە، هەتا ئێستاش مەفی چوونە مەرەخەسی‌یان پێ نەدراوە.

محەمەد نەزەری تەمەن ٤٣ ساڵ و چالاکی سیاسیی ئازەری، کە ساڵی ١٣٧٣ دەستبەسەر کرا، لەو کاتەوە هەتا ئێستا نامەی بۆ \"محەممەد یەزدی، هاشمی شاهروودی و سادق لاریجانی\" بەرپرسانی یەک لە دوای یەکی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نووسیوە و ناڕەزایەتیی بە شێوەی دادگایی کرانی خۆی دەربڕیوە، کە هەتا ئێستا بچووکترین وڵامی پێ نەدراوەتەوە.