زیندانییەکی سیاسیی کورد لە کرماشان، بەهۆی ئەشکەنجەوە سکی هەڵدڕا

19:23 - 1 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان، بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە سکی هەڵدڕاوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کیانووش رۆستەمی، کەلە زیندانی دیزڵ‌ئابادی کرماشان لە دەستبەسەریدایە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە سکی هەڵدڕاوەو سەرەڕای ئەوەش ئیزنی چارەسەری و دورینەوەی سکی پێنادرێت.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رێگری کردنی بەرپرسانی ئیتلاعاتی کرماشان لە چارەسەریی ئەو زیندانییە کوردە لە کاتێکدایە، کە سکی ناوبراو تووشی (عفونت \"چڵک\") بووەو ئەمەش نیگەرانیی کەسوکاری ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی لێکەوتۆتەوە.

\"24306.jpg\"
کیانووش رۆستەمی بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە سکی هەڵدڕاوەو سەرەڕای ئەوەش ئیزنی چارەسەری و دورینەوەی سکی پێنادرێت
ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی خەڵکی کرماشان، بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامی\"، لەلایەن دادگەی ئینقلابی کرماشانەوە بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کیانووش رۆستەمی خەڵكی کرماشان، نێعمەت فەتحی خەڵکی کرماشان و موحسین خودایاری خەڵکی شاری سەحنە، ۆژی ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٢ و دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران دەستبەسەر کران و دواتر دەزگای قەزایی ئەو سێ چالاکەی سەرجەم بە ٤٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ئەو چالاکە سیاسییانە، کە پەیڕەوی ئایینی (یاری)ـن، کۆتاییی ساڵی رابردوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو حوکمەی دەزگای قەزایی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران، مانیان لە خواردن گرتبوو.

ئا: ئارام. ح