زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی میناب هەوڵی خۆکوژی دا + وێنه

14:09 - 15 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوکمی دوورخرانەوەی لە زیندانی سنەوە بۆ زیندانی میناب لە ئوستانی هورموزگان و باردوخی نالەباری ئەو زیندانە، دەستی دایە خۆکوژی.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ \"ئەفشین سوهراب‌زادە\" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان کە ماوی ساڵ و نیوێک پێش ئێستا لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەوە بۆ زیندانی میناب دوور خرایەوە، بە خواردنی \"شووشەی لامپ و بڕینی دەماری دەست\"ی هەوڵی خۆکوژی دا.

سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، پاش راگواستنی ئەو زیندانییە بۆ بێهداریی نێو زیندان، بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستیی ناوبراو و کەمیی ئیمکانات، رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری میناب کراوە کەپاش شۆردنەوەی \"گەدە\"ی دەستبەجێ گەڕێندرابوویەوە بۆ زیندان.

\"13710.jpg\"
ئەفشین سوهراب‌زادە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان
ئەفشین سۆهراب زادە تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی میناب لە ئوستانی هورموزگان حوکم دراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ لە جادەی نێوان سنە – سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری کامیارانەوە دەستبەسەر و بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرابوو.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد عەبدوڵڵاهی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە لەزیندانی ناوەندیی ئەو شارە راگیراوە، بارودۆخی تەندروستی نالەبارە و لە کاتی دەستبەسەر کرانییەوە هەتا ئێستا لە هەبوونی پارێزەر بێبەری کراوە.

محەمەمد عەبدوڵڵاهی رێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٩ لە ماڵی خۆیداو لە شاری مەهاباد لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە درایە بەر دەستڕیژی گولـڵە و پاش بریندار بوونی لاقی، دەستبەسەر بۆ ئیدارەی ئیتلاعات راگوێزرا.

دەگوترێت ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا ئێستا بەبێ هەبوونی پارێـزەر و بەتاوانی شەڕ لەگەڵ خودا لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ٩ جار لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە دادگایی کراوە.