زیندانییەکی سیاسیی کورد لەبری ناردن بۆ بێهداری، رەوانەی قەرەنتینە کرا

13:45 - 20 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵكی شاری مەریوان، کە لە زیندانی شاری تەبەس تووشی نەخۆشی بووە، لەبری ناردن بۆ نەخۆشخانە، خراوەتە بەندی قەرەنتینەی نێو زیندان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەردین فەرەجی یەکێک لە زیندانییە سیاسییە کوردەکانی زیندانی شاری تەبەس، بە بڕیاری بەرپرسانی ئەو زیندانە ماوەی چەند رۆژێکە بە بیانووی نەخۆشییەکەی خراوەتە بەندی قەرەنتینە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە باری تەندروستیی ئەو زیندانییە کوردە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت.

فەردین فەرەجی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی لەنجاوای مەریوانە، کە بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ٣٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی تەبەس لە ئوستانی سیمنانی بۆ بڕاوەتەوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی جەستەیی فەردین فەرەجی، هەتا ئێستا هیچ تیمێکی پزیشکی و دەرمانی بە مەبەستی چارەسەریی نەخۆشییەکەی، سەردانی ناوبراویان نەکردووەو ئەمەش نیگەرانیی لای کەس وکار و بنەماڵەکەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دروست کردووە.

زیندانیی سیاسیی دیکەی کوردی بەناوی محەمەد ئەمین عەبدوڵڵاهی خەڵکی میراوای شاری بۆکان کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١٨ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم دراوە، زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کوردە، کە لە زیندانی تەبەس لە دەستبەسەریدایە.

ئەو سەرچاوە روونیشی کردەوە، فەردین فەرەجی لەماوەی رۆژانی رابردوودا چەندین جار داوای کردووە بگوازرێتەوە بۆ بەندەکەی خۆی و لە کاتێکدا وتووشیەتی کە باری تەندروستییەکەی باش نییە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هەتا ئێستا لە قەرەنتینەدا رایانگرتووە.

فەردین فەرەجی مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بەناوەکانی محەمەد حوسێن (خوسرەو) رەزایی، چەنگیز قەدەم خێر و ئەیوب ئەسەدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کران.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩١ی هەتاویدا بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و لە رێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەوە دادگایی کران و فەردین فەرەجی بە ٣٠ ساڵ زیندانی دوور خرانەوە بۆ زیندانی تەبەس، محەمەد حوسین رەزایی بە ٤٥ ساڵ زیندانی دوور خرانەوە بۆ زیندانی میناب، چەنگیز قەدەم خێر بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی \"مسجید سلێمان\" و ئەیوب ئەسەدیش بە ٢٠ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی کاشمەر حوکم دران.