زیندانییەکی سیاسیی کورد، بەهۆی هەڵسووکەوتی \"نامرۆڤانەوە\" مانی لەخواردن گرت

22:34 - 21 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانییە سیاسییە کوردەکان، کە بۆ زیندانێک لە باشووری ئێران دوور خراوەتەوە، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەریم مووسازادە یەکێک لە زیندانییە سیاسییە کوردەکانی بەندی ٧ی زیندانی ناوەندیی بەندەر عەباس، بەهۆی هەڵسووکەوتی \"نامرۆڤانە\"ی مەئموورە ئەمنییەکانەوە مانی لە خواردن گرت.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، کە سەرەتای ئەم حەفتەیە دەستی داوەتە مانگرتن، بەهۆی گەرمای لەرادەبەدەری هاوینی بەندەر عەباسەوە بارودۆخی تەندروستیی تێکچووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، کەریم مووسازادە تەمەنی ٣٣ ساڵەو تووشی نەخۆشیی ماعیدە و ریخۆڵە بووە.

ناوبراو لە ساڵی رابردووشدا بەهۆی لێدان و سووکایەتی پێکردنی لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات و دادوەری چاوەدێری نێو زیندانەوە، مانی لە خواردن گرتبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی کەریم مووسازادە رایگەیاندووە؛ ناوبراو خەڵکی ورمێ‌و ئەندامی کانوونی رۆشنبیرە لاوەکانە، کە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستەبسەر کراو پاش ٤٥ رۆژ راگیران لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی ورمێ، بەرەوڕووی دەیان جۆر ئەشکەنجەی جەستەیی وەک هەڵواسین و خستنە نێو ئاو و ئازاردانی ئەندامی نێرینەی و چەندین جۆر ئەشکەنجەی رۆحی بوویەوەو رێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ٨٨ رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەو زیندانییە کوردە، کە هاوڕێ لەگەڵ چالاکێکی دیکەی کورد بەناوی ئەمیر تالبی‌فەر دەستبەسەر کرابوو، رێکەوتی ٨ی رەزبەر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ‌وە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دەروێشی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا حوکمی ٦ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی بەندەرعەباس بۆ بڕایەوەو حوکەمەکەشی بەبێ ئاگاداریی پارێزەرەکەی، پاش دوو حەفتە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوەو رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزیش بۆ زیندانی بەندەرعەباس دوور خرایەوە.