زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد پاش ٤ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا + وێنـــــــه

20:24 - 24 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: موحسین جەڵدیانی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ پاش ٤ ساڵ راگیران لە زیندانەکانی شاری ئەراک و مەهاباد، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موحسین جەڵدیانی\" زیندانیی سیاسیی کورد کە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، سەرئەنجام پاش تێپەڕاندنی ٤ ساڵ لەو حوکمە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ بەپێی یاسای \"ئازادیی مەشروت\"ی زیندانیان، لە زیندانی شاری مەهاباد ئازاد کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، کە موحسین جەڵدیانی تەمەن ٥٣ ساڵ دۆخی جەستەیی ناڵەبارە و بە بەردەوامی تووشی سەر ئێشە دەبێ و هاوکات ددانەکانیشی خەراپ بوون.

\"14659.jpg\"
موحسین جەڵدیانی، زیندانیی سیاسیی کورد
موحسین جەڵدیانی کە پێشینەی ٢٤ ساڵ مامۆستای قوتابخانەکانی شاری شنۆی هەیە، ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ئوستانی ئەراک دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە زیندانەکانی \"ئەراک و ئێڤین\" لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بوو کە دواتر حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە و بۆ تێپەڕاندنی ئەو حوکمە رەوانەی زیندانی شاری مەهاباد کرا.

ئەو مامۆستایەی قوتابخانەکانی شاری شنۆ دامەزرێنەر و بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی \"تێرێژ\" لە شاری ورمێ بوو کە هاوکات چەندین خولی فێرکاریی زمانی کوردیی بەرێوە برد.

هەروەها \"رەزا شەریفی بۆکانی\" زیندانیی سیاسیی کورد پاش ٣ ساڵ و نیو راگیران لە زیندان، رۆژی رابردوو لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج ئازاد کرا.