زیندانییەکی تەمەن ٦٠ ساڵ لە شاری سنە لە سێدارە درا

19:16 - 24 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە زیندانییەکی کوردیان لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لە سێدارەدا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی حوکمی ئیعدامی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"بەهمەن حوسێنی\"، لە زیندانی سنە بەڕێوەچوو.

ئەو زیندانییە کە خاوەنی ٤ منداڵ بووە لە کاتی ئیعدام کرانی تەمەنی ٦٠ ساڵ بوو.

\"22720.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری ورمێ بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: نزیک بە ٣ ساڵ لەمەوبەر بەهمەن حوسێنی لە دەوروبەری شاری سنە دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەمەتی \"بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان\" تاوانبار کرا.

ئەو هاووڵاتییە سەرەتا بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم درابوو کە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونە بۆ لەسێدارەدان گۆڕدرا.

بەهمەن حوسێنی خەڵکی گوندی \"گۆڵگنی\" سەربە شاری ورمێ‌یه.

پێشتریش سەرۆکی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو: ئیعدام، قەتڵی یاساییە و ئەو قەتڵە لە وڵاتانێک وەکوو ئێران و عێراق \"شەرمهێنەرە\".

بەپێی راپۆرتی ئەحمەد شەهید لە مانگی ژووئیەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی هەتا مانگی ژوئەنی ٢٠١٤ لانیکەم ٨٥٢ کەس لە ئێران ئیعدام کراون و ئەو ژمارەیە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو زیادی کردووە.